به‌ڕیز سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
بابه‌ت/ راپۆرتی مه‌یدانیی وه‌فدی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ كه‌ركوك
سڵاو‌و رێز..
رۆژانی 27-28/ 1/ 1010 وه‌فدێكی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانێكی مه‌یدانی بۆ چه‌ند گه‌ڕه‌ك‌و ناوچه‌یه‌كی جیاوازی شاری كه‌ركوك‌و ده‌روبه‌ری سازدا. مه‌به‌ستی ئێمه له‌و سه‌ردانه ئه‌وه‌بوو كه له نزیكه‌وه ئاگاداری ژیان‌و گوزه‌رانی خه‌ڵكی كه‌ركوك‌و ده‌وروبه‌ری بین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته گوێبیستی داوا‌و پێشنیازی چه‌ندین هاوڵاتی بووین ده‌رباره‌ی ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان، ئاستی هاوكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كه‌ركوك‌و كه‌ركوكییه‌كان، داواكاریی‌و گله‌یی‌و پێشنیازی هاوڵاتیان له ناوبازاڕ‌و گه‌ڕه‌كه‌كان‌و فه‌رمانگه حكومییه‌كاندا. له ئه‌نجامی ئه‌و سه‌ردانه‌دا چه‌ند سه‌رنج‌و بیرۆكه‌و پێشنیارێكمان لا گه‌ڵاڵه بوو كه له‌م راپۆرته‌دا پوختی ده‌كه‌ینه‌وه:
1. به‌و پێیه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان مه‌رجه‌عی پرسه نیشتمانی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كوردستانه، به‌و پێیه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌ڕووی مه‌بده‌ئییه‌وه (كه‌ركوك‌و ده‌وروبه‌ری) له‌گه‌ڵ ناوچه دابڕاوه‌كانی تر به‌به‌شێكی دانه‌بڕاوی كوردستان ده‌زانن، له‌ڕووی یاساییشه‌وه كه‌ركوك ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و به‌غدا..، به‌رپرسیارێتی نیشتمانی ئه‌وه ده‌خوازێت كه‌مه‌له‌فی كه‌ركوك له‌ڕووی یاسایی‌و ئابوریی‌و سیاسییه‌وه بسپێردێت به په‌رله‌مان، واته:
- په‌رله‌مانی كوردستان تاكه لایه‌ن بێت كه له‌ڕێگه‌ی ده‌سته‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه سه‌رپه‌رشتی ئه‌و مه‌له‌فه بكات.
- هۆبه‌یه‌كی تایبه‌ت له په‌رله‌مان دابمه‌زرێت بۆ ئاماده‌كردنی ستراتیجی هه‌رێم بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئێستا‌و ئاینده‌ی كه‌ركوك‌و لێكدانه‌وه‌و خۆئاماده كردن بۆ هه‌موو خیاره‌كان سه‌باره‌ت به چاره‌نوسی كه‌ركوك.
- هه‌ردوو بڕگه‌ی پێشووی ئه‌م خاڵه ببنه سه‌ره‌تای كۆتایی دوو ئیداره‌یی، دوو دارایی، دوو ئاسایشی، جووت مه‌رجه‌عیی بڕیاری سیاسیی له كه‌ركوكدا كه خاڵی هه‌ره نێگه‌تیڤ‌و لاوازی سیاسه‌تی كوردییه‌و خراپترین وێنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردستانیی نه‌ك ته‌نها لای توركمان‌و عه‌ره‌ب‌و پێكهاته‌كانی تری ئه‌و شاره، به‌ڵكو لای كوردی دانیشتوی ئه‌و شاره‌ش دروست كردووه.
- هاوكات پێویسته په‌رله‌مان تاكه فلته‌ری سه‌رپه‌رشتیكردنی سه‌رفكردنی ئه‌و بودجه‌یه بێت كه له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه ته‌رخان ده‌كرێت بۆ كه‌ركوك دوور له ده‌ستێوه‌ردانی حزبی‌و به‌كارهێنانی بودجه‌ی گشتی وه‌ك ریكلامی حزبی له‌و شاره‌دا.
- كاتی ئه‌وه‌ش هاتووه په‌رله‌مان له هۆكاری دواكه‌وتنی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140ی ده‌ستوری عیراق بپرسێته‌وه، لیژنه‌یه‌كی لێكۆلینه‌وه‌ی پارله‌مانی له هه‌موو فراكسیۆنه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێك بهێنرێـت سه‌باره‌ت به ده‌ستنیشانكردنی خه‌له‌له‌كان، كێ له مه‌سئوله كورده‌كان له به‌غدا‌و هه‌رێمی كوردستان به‌رپرسن له‌و دواكه‌وتنه بێ مانایه‌و له‌و وقه‌یرانه سیاسی‌و ده‌ستوری‌و نیشتمانییه؟
2. ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتیانی كه‌ركوك گله‌ییان له شێوازی مامه‌ڵه‌ی داموده‌زگاكانی هه‌رێم هه‌بوو له‌گه‌ڵ كه‌ركوكییه‌كان، به‌تایبه‌تی له خاڵه‌كانی پشكنینی نێوان كه‌ركوك-سلێمانی‌و كه‌ركوك-هه‌ولێر، هه‌روه‌ها گله‌ییان له‌وه هه‌بوو كه له داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا ئاسانكاری بۆ كه‌ركوكییه‌كان ناكرێت چ ئه‌و كه‌ركوكییانه‌ی كه ئاواره‌بوون‌و گه‌ڕاونه‌ته‌وه چ ئه‌و كه‌ركوكییانه‌ی كه ئاواره نه‌بوون‌و هه‌ر نیشته‌جێی شاره‌كه‌ی خۆیان بوون.
3. سه‌ردانی چه‌ند خه‌سته‌خانه‌و بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستی كه‌ركوكمان كرد، هه‌ستمان به كه‌موكورتی میلاكی پزیشكی كرد به‌تایبه‌تی له‌و بوارانه‌دا كه هاوڵاتیان پێویستیان به پزیشكی كوردیی زمانه، به دیاریكراویش له ره‌گه‌زی مێینه. بۆ نمونه له بنكه‌ی ته‌ندروستی سه‌رچنار چه‌ند ژنێكی نه‌خۆش هانایان بۆ هێناین‌و به چرپه باسی ئه‌م گرفته‌یان بۆ خانمه ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی وه‌فده‌كه‌مان ده‌كرد. بۆیه جێی خۆیه‌تی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان ئاوڕێكی جدی له‌و كێشه‌یه بداته‌وه.
4. بۆ ئاگاداربوون له دۆخی په‌روه‌رده سه‌ردانی چه‌ند مامۆستا‌و قوتابییه‌كمان كرد هه‌روه‌ها به جیا له‌گه‌ڵ خێزانی چه‌ند قوتابییه‌كی قۆناغی سه‌ره‌تایی‌و ناوه‌ندیدا له گه‌ڕه‌كه كوردنشینه‌كاندا قسه‌مان كرد، له ئه‌نجامدا تێبینیمان كرد:
- دیارده‌ی دوو په‌روه‌رده‌یی تا ئێستا له كه‌ركوك به‌رده‌وامه، ته‌نانه‌ت بیستمان كه جیاوازی له نێوان مووچه‌ی ئه‌و مامۆستایانه‌دا هه‌یه كه له سلێمانی مووچه وه‌رده‌گرن له‌گه‌ڵ ئه‌و مامۆستایانه‌ی كه له هه‌ولێر وه‌ریده‌گرن.
- له سه‌ردانماندا بۆ گه‌ڕه‌كی ره‌حیماوه هاوڵاتیان باسیان له قه‌یرانی قوتابخانه‌ی كوردی ده‌كرد، له هه‌مان كاتدا باسیان له خراپیی ئاستی خوێندنی كوردیی ده‌كرد كه زۆرجار له قوتابخانه‌كاندا سیاسه‌تی گه‌وجاندن (تجهیل) پێڕه‌و ده‌كرێت، واته قوتابیان به‌ته‌واوی فێریی زمانی كوردی نابن له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا زمانی عه‌ره‌بی‌و زمانه‌كانی تر نازانن، بۆیه هه‌ندێك خێزان ناچار منداڵه‌كانی خۆیان نانێرنه قوتابخانه‌ی كوردی ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له به‌رپرسه حزبی‌و حكومییه كورده‌كانیش ئاماده نین منداڵه‌كانی خۆیان بنێرنه قوتابخانه كوردییه‌كان. بۆیه ئێمه وه‌ك فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان پێشنیارده‌كه‌ین وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده راسپێرن كه به‌وردی له‌م پرسه بكۆڵێته‌وه‌و بیر له رێگه‌چاره‌ی گونجاو بكه‌نه‌وه بۆ رزگاركردنی خوێندنی كوردی له شاری كه‌ركوك‌و ده‌روبه‌ری.
- له سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌یی پارێزگای كه‌ركوكدا كه‌شێكی گونجاو نه‌ڕه‌خساوه بۆ گفتوگۆی نێوان كولتور‌و زمانه جیاوازه‌كان، به تایبه‌تی زمانه‌كانی كوردی‌و توركمانی‌و عه‌ره‌بی‌و كلدۆئاشوریی. بۆیه پێویست ده‌كات مه‌نهه‌جی خوێندن له كه‌ركوكدا كۆپی مه‌نهه‌جی خوێندنی سلێمانی‌و هه‌ولێر نه‌بێت‌و خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندیی خۆی بێت.
5. له سه‌ردانێكی وه‌فده‌كه‌مان بۆ شه‌قامی جمهوریی له كه‌ركوك سیمایه‌كی كوردستانیی ئه‌وتۆمان به‌دی نه‌كرد، به‌تایبه‌تی له تابلۆی دوكان‌و فرۆشگا‌و شوێنه بازرگانییه‌كان. واته هیچ نیشانه‌یه‌كی ئه‌وتۆمان به‌زمانی كوردی، ته‌نانه‌ت توركمانیش، به‌رچاو نه‌كه‌وت. ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه كه سیاسه‌تی كوردی له كه‌ركوك سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه له دروستكردنی كه‌شێكی گونجاو له‌نێوان نه‌ته‌وه‌كاندا كه بتوانن هاوته‌ریبی‌و هاوڕێزی له‌نێوان زمانه جیاوازه‌كاندا دروست بكه‌ن له‌كاتێكدا زۆربه‌ی جومگه سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌سه‌ڵات له كه‌ركوكدا به‌ده‌ست كابه‌ده‌سه‌ته حیزبییه كوردییه‌كانه‌وه‌یه.
6. دیارده‌ی بێكاری له كه‌ركوك قه‌یرانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابوریی گه‌وره‌ی دروست كردووه، ئه‌و دۆخه دوورایی ئه‌منیشیی هه‌یه، چونكه بێكاری گرفتی ده‌روونیش ده‌خاته‌وه، زۆرجاریش لایه‌نه تیرۆریسته‌كان په‌نا بۆ ئیستغلالكردنی كڵۆڵیی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و بێكاریی ده‌به‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی مه‌رامه‌كانیان. ئێمه پێمانوایه ته‌رخانكردنی بودجه‌یه‌ك له لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كار بۆ گه‌نجان‌و بێكاره‌كانی كه‌ركوك ده‌رفه‌تێكی باش ده‌ڕه‌خسێنی بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر به‌شێك له‌و قه‌یرانه‌دا به‌تایبه‌تی به‌شێكی زۆر له ده‌روازه‌كانی بودجه‌ی خه‌مڵێندراوی هه‌رێمی ئه‌مساڵ 2010 به‌شێوه‌یه‌كی ناشه‌فاف بۆ یارمه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیی‌و مه‌سره‌فی ره‌مه‌كی دانراوه، كه ده‌كرێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته لێی گل بدرێته‌وه.
7. هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌فدی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ كه‌ركوك ئه‌و هه‌واڵه بڵاوبۆوه كه حكومه‌تی ئیتحادی له به‌غدا بڕیاری داوه له هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی هه‌نارده‌ی كه‌ركوك یه‌ك دۆلار بگه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌ركوكییه‌كان. ئه‌م هه‌واڵه دڵخۆشی كردین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و پرسیاره‌مان لا دروست بوو كه بۆچی په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌سپێشخه‌رییه‌كی له‌و جۆره‌یان له سیاسه‌تی نه‌وتیی هه‌رێمدا پێشكه‌ش نه‌كرد. بۆ نمونه بۆچی بڕیارنه‌درا كه بڕێك له شیرینی گرێبه‌ست‌و داهاتی نه‌وت‌و گاز له كێڵگه‌كانی شیواشۆك‌و چه‌مچه‌ماڵ‌و گه‌رمیان‌و زاخۆ‌و ناوچه‌كانی تری هه‌رێم ته‌رخان بكرێن بۆ خودی ئه‌و ناوچانه‌ی كه خاوه‌نی ئه‌و سامانه سروشتییه‌ن. له دۆخێكی ئاوهادا كه‌ركوكییه‌كانمان زیاتر به‌لای هه‌رێمی كوردستاندا راده‌كێشاو دڵنیامان ده‌كردنه‌وه كه له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بڕێكی زۆر له داهاتی نه‌وت‌و گازی شاره‌كه‌یان بۆ خۆیان سه‌رف ده‌كرێت. له راستیدا ئه‌وه ناشارینه‌وه كه ژماره‌یه‌ك له هاوڵاتیانی شاری كه‌ركوك ئه‌وه‌یان پێڕاگه‌یاندین كه ناشه‌فافیه‌ت له سیاسه‌تی نه‌وت‌و گازی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌وانیشی ترساندووه، چونكه ئه‌وان سیاسه‌تێكی رۆشن له‌وباره‌یه‌وه له حكومه‌تی هه‌رێم ده‌خوازن كه زه‌مانه‌تی ئه‌وه بكات كاتێك كه‌ركوك ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر كوردستان، نه‌وت‌و گازه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی شه‌فاف‌و عادلانه ده‌ربهێندرێ‌و بفرۆشرێت.
8. له سه‌ردانی وه‌فدی فراكسیۆنی گۆڕانی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ لای به‌ڕێز عبدالرحمن مسته‌فا پارێزگاری كه‌ركوك هه‌مان خۆشحاڵیمان ده‌رباره‌ی ئه‌و بڕیاره ئیتحادییه له به‌ڕێزیشیان به‌دی كرد. وێڕای ئه‌وه‌ی به‌ڕێز پارێزگاری كه‌ركوك ئاماژه‌ی به هاوكاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ شاری كه‌ركوك، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه‌شارده‌وه كه گیروگرفته‌كانی كه‌ركوك زۆر‌و كه‌ڵه‌كه‌ن كه پێویستیان به پلان‌و كاته. ئێمه وه‌ك وه‌فدی فراكسیۆنی گۆڕان كێشه‌ی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی كه‌ركوكمان بۆ به‌ڕێز پارێزگار باس كرد كه ئاواره گه‌ڕاوه‌كانی سلێمانی‌و هه‌ولێر تێیدا نیشته‌جێن، به‌ڵام به‌ڕێزیان باسیان له‌وه‌كرد كه به‌شێك له‌و گه‌ڕه‌كانه به گه‌ڕه‌كی ته‌جاوز ئه‌ژمارده‌كرێن‌و گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری پێیان زه‌حمه‌ته. له راستیدا ئه‌م واقعه ئێمه‌ی نیگه‌ران كرد، چونكه هه‌ستمان كرد ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره گه‌ڕاوه‌كانی كه‌ركوك له شاره‌كه‌ی خۆشیاندا سه‌رله‌نوێ تووشی جۆرێك ئاواره‌بوون بوونه‌ته‌وه، بۆیه ئێمه پێمانوایه مه‌سئولیه‌تی ئه‌خلاقی‌و نیشتمانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه كه ئاوڕ له كێشه‌ی ئاواره گه‌ڕاوه‌كانی كه‌ركوك بداته‌وه، چونكه ئه‌وان به‌هۆی كوردبوونیانه‌وه ئاواره‌ی سلێمانی‌و هه‌ولێر‌و دهۆك بوون‌و ئێستاش هه‌ر به‌هۆی كوردبوونیانه‌وه له شاره‌كه‌ی خۆیاندا بێ خزمه‌تگوزارین. ئێمه له‌م پێناوه‌دا پێشنیارێكی عه‌مه‌لی ده‌خه‌ینه‌ڕوو، ئه‌مه‌ش كورته‌ی پێشنیاره‌كه‌یه: (له بودجه‌ی خه‌مڵێندراوی 2010 هه‌رێمی كوردستان كه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێشكه‌شی كردووه بڕی چوار ملیار‌و چوارسه‌د‌و نۆزده ملیۆن دینار له بودجه‌ی پارێزگای سلێمانی، به‌بێ دوو پارێزگاكه‌ی تری هه‌رێم، گلدراوه‌ته‌وه‌و ته‌رخانكراوه بۆ چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك له كه‌ركوك. ئێمه پێشنیازده‌كه‌ین بڕێكی له‌و جۆره له بودجه‌ی پارێزگای هه‌ولێر‌و نیوه‌ی ئه‌و بڕه‌ش له بودجه‌ی پارێزگای دهۆك گل بدرێته‌وه بۆ هه‌مان مه‌به‌ست، كه كۆی بڕه‌كه ده‌كاته زیاتر له ده ملیار دینار. ته‌واوی ئه‌و بوجه‌یه‌ش ته‌رخان بكرێت بۆ كه‌ركوك له رێگه‌ی كه‌ناڵێكی ره‌سمیی شه‌فافی سه‌ر به په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه بۆ گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری پێویست به گه‌ڕه‌كه كوردنشینه تازه‌كان. به‌مه‌ش كوردستانی بوونی كه‌ركوك دووپات ده‌كه‌ینه‌وه به‌وه‌ی كه له بودجه‌ی هه‌ر سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێم، نه‌ك سلێمانی به‌ته‌نها، پاره بۆ كه‌ركوك ته‌رخان ده‌كرێت).
9. وه‌فده‌كه‌مان چاوی كه‌وت به چه‌ند هه‌ڵسوڕاوێكی بواری كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی‌و سه‌ردانی رێكخراوێكی مه‌ده‌نیشمان كرد له نزیك ناوچه‌ی عه‌ره‌فه له كه‌ركوك. دیارده‌ی سه‌رهه‌ڵدانی رێكخراوه مه‌ده‌نییه سه‌ربه‌خۆكان‌و حه‌ماسه‌تی گه‌نجانی هه‌ڵسوڕاو له‌و بواره‌دا دڵخۆشی كردین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نیگه‌رانی كردین قه‌یرانی ته‌مویلی ئه‌و رێكخراوانه بوو، چونكه هه‌ستمان كرد ته‌نها ئه‌و رێكخراوانه ته‌مویلیان هه‌یه كه پاشكۆی حزبه‌كانن یان نزیكن له حزبه‌كان. بۆیه سه‌ر له‌نوێ پێشنیار ده‌كه‌ین بڕێك له‌و پارانه‌ی كه به شێوه‌یه‌كی ناشه‌فاف له بودجه‌ی خه‌مڵێندراوی هه‌رێمدا بۆ یارمه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی له وه‌زاره‌ته جیاوازه‌كاندا دانراوه، گلبدرێته‌وه بۆ هاوكاریی رێكخراوه سه‌ربه‌خۆكانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كه‌ركوك.
10. وه‌فدی فراكسیۆنی گۆڕانی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی چه‌ند به‌نزینخانه‌یه‌كی ناوشاری كه‌ركوكی كرد، ئه‌وه‌ی سه‌رنجی راكێشاین قه‌یرانی سوته‌مه‌نی بوو له‌و شاره‌دا كه له‌سه‌ر ده‌ریایه‌ك نه‌وت وه‌ستاوه. له به‌نزینخانه‌ی شه‌رقییه تابورێكی دوور‌و درێژ له به‌رمیلی هاوڵاتیانمان به‌دی كرد كه سه‌ره‌یان گرتبوو بۆ وه‌رگرتنی نه‌وتی سپی به‌مه‌به‌ستی به‌كارهێنانی بۆ ناو ماڵ، ته‌نانه‌ت به‌شی هه‌ره زۆری هاوڵاتیان بێ‌ئومێد ببوون له‌وه‌ی كه به ئاسانی سه‌ره‌یان به‌ر كه‌وێت، بۆیه به‌ركه‌وتی خۆیان له نه‌وت فرۆشتبوو، یان به‌رمیله‌كانیان به‌سه‌ر خه‌ڵكی تردا به‌جێهێشتبوو.
11. له سه‌ردانماندا بۆ بازاڕی شۆرجه ئه‌و شوێنانه‌مان به‌سه‌ر كرده‌وه كه له ته‌قینه‌وه‌كه‌ی 30/ 6/ 2009 دا زیانی زۆریان به‌ركه‌وتبوو، هاوڵاتی‌و دوكانداره‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه پێیان راگه‌یاندین كه تا ئێستا ته‌عویز نه‌كراونه‌ته‌وه، جگه له دابینكردنی هه‌ندێك ده‌ڕابه بۆ چه‌ند دوكانێك یارمه‌تییه‌كی ئه‌وتۆ پێشكه‌ش به زه‌ره‌رمه‌ندان نه‌كراوه. بۆیه ئێمه وه‌ك وه‌فدی فراكسیۆنی گۆڕان پێشنیارده‌كه‌ین له بودجه‌ی خه‌مڵێندراوی ئه‌مساڵ ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه بۆ ئاسایشی پارتی‌و یه‌كێتی له كه‌ركوك ته‌رخان كراوه گلبدرێته‌وه‌و وه‌ك ته‌عویز بدرێته‌وه به‌و قوربانیانه‌ی كه‌ركوك كه به‌هۆی كوردبوون یان كه‌ركوكیبوونه‌وه زه‌ره‌رمه‌ند بوون. له‌به‌ر دوو هۆ:
- به‌و پێیه‌ی تائێستا ئاسایشی ئیداره‌ی سلێمانی‌و هه‌ولێر یه‌كی نه‌گرتۆته‌وه، ئیدی به هه‌موو پێوه‌رێك ئه‌و ده‌زگایه‌ی دوو ده‌زگای حزبیین نه‌ك حكومیی، ئه‌و دوو ئاسایشه‌ی كه‌ركویش ده‌چنه هه‌مان خانه‌وه.
- ئه‌گه‌ر حیكمه‌ت له دامه‌زراندنی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان پاراساتنی ئاسایشی هاوڵاتیان بێت، ئه‌وا قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه ئارامی‌و ئاسایشی ژیانیان له ده‌ستداوه ئامانجی هه‌ر بڕه پاره‌یه‌كه كه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخان ده‌كرێـت.
له‌گه‌ڵ رێزدا.....
وه‌فدی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان
بۆ كه‌ركوك 27 -28/ 1/ 2010