(گۆڕان):
ئه‌ندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی کوردستان ئاشکرای ده‌کات، که پێویسته جارێکی تر بودجه‌ی ساڵی 2010ی هه‌رێم ره‌وانه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بکرێته‌وه و کۆتایی به‌و غوبن و فه‌رامۆشییه‌ی سلێمانی و گه‌رمیان بهێنرێت.
ئیسماعیل گه‌ڵاڵه‌یی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی و ئابوری له په‌رله‌مانی کوردستان، له لێدوانێکیدا بۆ (سبه‌ی) رایگه‌یاند: بودجه‌ی ساڵی 2010ی هه‌رێم که‌موکورتییه‌کانی ئه‌وه‌نده زۆرن، به رێنماییه‌کانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی کوردستان چاره‌سه‌ر ناکرێن و پێویسته جارێکی تر بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ حکومه‌تی هه‌رێم، چونکه هیچ پێوه‌رێکی زانستی و ئابوری و له خۆ ناگرێت و بودجه‌یه‌کی سیاسییه.
هه‌ر وه‌ک باسی له‌وه‌شکرد که پێویسته نوێنه‌رانی ده‌سه‌ڵات له په‌رله‌مان خۆیان له ته‌پوتۆزی هه‌ڵبژاردن رزگار بکه‌ن، هه‌روه‌ها به ئینسافه‌وه و به شێوه‌یه‌کی زانستی له‌گه‌ڵ بودجه‌دا مامه‌ڵه بکه‌ن و ده‌نگ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بودجه بۆ حکومه‌ت بده‌ن.
وتیشی: له بودجه‌ی ساڵی 2010ی هه‌رێمدا، جارێکی تر سلێمانی و گه‌رمیان توشی غوبن و فه‌رامۆشیی بونه‌ته‌وه، که ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری ترسناکی هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌منییه‌تی نیشتیمانی و یه‌کگرتویی خاکی هه‌رێمی کوردستان.
سه‌باره‌ت به‌و جیاوازییه‌ی بودجه‌ش، گه‌ڵاڵه‌یی رایگه‌یاند: یه‌کێتی دوای ئه‌وه‌ی بێ‌ئومێد بوه له سلێمانی و گه‌رمیان که هه‌ستێته‌وه، بودجه‌ی ئه‌و شارانه‌ی ئیحاله‌کردوه بۆ که‌رکوک و خانه‌قین و ناوچه‌کانی تر، که ئه‌مه‌ش له به‌ر نییه‌تی خزمه‌تکردنی ئه‌و ناوچانه نییه، به‌ڵکو تۆڵه‌کردنه‌وه‌یه‌تی له سلێمانی و گه‌رمیان.
ئه‌وه‌شی وت: ئێمه وه‌کو فراکسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی کوردستان ده‌مانه‌وێ پڕۆژه بۆ که‌رکوک و خانه‌قین و سه‌رجه‌م ناوچه‌کانی دیکه‌ش بکرێت، به‌ڵام پێویسته له بودجه‌ی گشتی هه‌رێم بێت نه‌ک له‌سه‌ر به‌شی پارێزگایه‌ک.
ده‌رباره‌ی به‌دیلیش گه‌ر بێت‌و جارێکی تر ئه‌و بودجه‌یه له په‌رله‌مان به زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سه‌ندکرا، ئه‌ندامه‌که‌ی فراکسیۆنی گۆڕان وتی: وێڕای ئه‌وه‌ی که‌موکورتی و خاڵه لاوازه‌کانی بودجه‌مان بۆ خه‌ڵکی رونکردوه‌ته‌وه و گه‌ر جارێکی تریش بودجه بخرێته‌وه ده‌نگدانه‌وه، ئێمه وه‌ک فراکسیۆنی گۆڕان و وه‌ک به‌رپرسیارییه‌تیه‌کی مێژویی دوباره ده‌نگ ناده‌ینه‌وه به‌و بودجه‌یه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد، فراکسیۆنی گۆڕان به‌رده‌وام ده‌بێت له خستنه روی که‌موکورتییه‌کانی بودجه‌ی هه‌رێم و پرۆژه وه‌همییه‌کانی که له‌لایه‌ن حیزبه‌وه خراونه‌ته پرۆژه یاسای بودجه‌وه، هه‌روه‌ها به‌رپرسیاریه‌تیی که‌موکورتییه‌کانی بودجه ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی حکومه‌ت و هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵات.
له کاتی گفتوگۆکانی بودجه‌ی ساڵی 2010ی هه‌رێم له په‌رله‌مانی کوردستان پێش هه‌ڵبژاردن، زۆرینه‌ی ئه‌ندامان که سه‌ربه ده‌سه‌ڵاتن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه بون بودجه پێش هه‌ڵبژاردن تێبپه‌ڕێنرێت، چونکه پێیان وابو گه‌ڕانه‌وه‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه بۆ حکومه‌ت به شکستی حکومه‌ت ئه‌ژمارده‌کرێت، به‌ڵام به‌هۆی کاریگه‌ریی ئۆپۆزسیۆن و فراکلسیۆنی گۆڕان به تایبه‌تی، په‌سه‌ندکردنی بودجه خرایه دوای هه‌ڵبژاردن.