(گۆڕان):
بۆله‌نزیکه‌وه ئاگاداربون له ره‌وشی ژیانیان و گه‌یاندنی داواکانیان به‌لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان، وه‌فدێکی فراکسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی کوردستان سه‌ردانی گونده‌كانی بناری قه‌ندیلیان كرد.
دوێنێ (سێ شه‌ممه) وه‌فدێکی فراکسیۆنی گۆڕان که پێکهاتبون له دكتۆ جه‌عفه‌ر و كاردۆ محه‌مه‌د سه‌ردانی گونده‌کانی زارگه‌ڵی و بۆكریسكان و پرده‌شاڵی سه‌ر به‌ناحیه‌ی وه‌رتێی رواندزیان کرد، که روبه‌ڕوی ژیانێکی سه‌خت بونه‌ته‌وه به‌هۆی تۆپبارانی ناوچه‌کانیان له‌لایه‌ن وڵاتانی ئێران و تورکیاوه.
هاوکات دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ش خۆشحاڵییان ده‌ربڕی به‌سه‌ردانی ئه‌و وه‌فده‌و خوازیار بون وه‌فده‌که کێشه‌و داواکارییه‌کانیان بگه‌یه‌ننه لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان، که تائێستا به‌پێی پێویست ئاوڕیان لێ نه‌دراوه‌ته‌وه.
كاردۆ محه‌مه‌د، له‌لێدوانێکیدا بۆ (سبه‌ی) باسی له‌م سه‌ردانه‌یان كرد‌و رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ی له‌تواناماندا بێت داواكاریه‌كانیان به‌رزده‌كه‌ینه‌وه بۆ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار، بۆ ئه‌وه‌ی داخوازیه‌كانیان به‌زویی جێبه‌جێ بكرێت.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌و به‌هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی له‌هه‌ندێک له گونده‌کانی بناری قه‌ندیلدا به‌هۆی پاشماوه‌ی بۆردومانه‌کانه‌وه، تیمێكی پزیشكی له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی هه‌ولێر سه‌ردانی ئه‌و گوندانه‌یان كرد به‌مه‌به‌ستی پششكنینی سه‌ره‌تایی بۆهاوڵاتیانی سنوره‌كه.
ئه‌حمه‌دباڵه‌كی