عەدنان عوسمان: بڕیارەكەی سەرۆكایەتی پەرلەمان رێككەوتنێكی سیاسی بوو

ئاماده‌كردنی‌: رووبه‌ر

بڕیارەكان سیاسی بوون و هەنگاو هەنگاو بۆی رۆیشتن
پەرلەمانتار عەدنان عوسمان پەرلەمانتاری لیستی گۆڕان بە رووبەری راگەیاند سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاری یەكەمی گۆڕیوە، وتیشی"لە هەنگاوی یەكەم سەرۆكایەتی پەرلەمان بە بیانووی ئەوەی شوێنی ئەو هەموو میدیایە لە ناو پەرلەمان نابێتەوە، تەنها تەلەفزیۆنێك ئەو دانیشتنانە بگوازێتەوە ئەوە هەنگاوی یەكەم بوو". ئاماژەی بەوەشدا ئەوانیش لە یەكەم بڕیاری پەرلەمان بۆ دۆزینەوەی شوێن بۆ میدیاكان كۆكبوون، چونكە پێیانوابووە كە هۆڵەكە بچووكە، بەڵام دواتر هیچ شوێنێك نەدۆزراوەتەوە و رۆژنامەوانان لە روماڵكردنی دانیشتنەكانی پەرلەمان بێبەشكراون، وتیشی"دووەم جار ئەوە گۆڕا بۆ ئەوەی كە لە هیچ پەرلەمانەكانی دنیا رێگە بە راگەیاندنەكان نادرێت روماڵی دانیشتنەكانی پەرلەمان بكەن، بەڵام پێموانییە بەو شێوەیە بێت". هێمای بۆ ئەوەكرد لە پەرلەمانەكانی دنیا رۆژنامەوانان بەردەوام لە ناو هۆڵی پەرلەمانن و پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمان هەیە، وتیشی "كەناڵ هەیە تەواوی دانیشتنەكانی پەرلەمان پەخش دەكات، تەنانەت كۆبوونەوەی لیژنەكانیش پەخش دەكات". 

پەرلەمانەكانی دنیا خۆیان راستەوخۆ دانیشتنەكان ئامادە دەكەن بۆ دەگوازنەوە
عەدنان ئاماژەی بەوەشدا پەرلەمانەكانی دنیا خۆیان هۆكاری گواستنەوەی راستەوخۆی دانیشتنەكان ئامادە دەكەن، وتیشی "پێشووتر لە هەرێمیش تەلەفزیۆنی نەورۆز هەبوو كە ئەو دانیشتنانەی دەگواستەوە، بەڵام ئێستا ئەویش نەماوە، لە ئێستادا دوای ماوەیەك كاسیەت و دانیشتنەكان بە دەزگاكانی راگەیاندن دەدرێت، ئەوەش نازانرێت چەند مۆنتاژ دەكرێت، چەند شتی لێ لادەدرێت شێوازی هونەری چۆنە و چۆن نییە". هێمای بۆ ئەوەشكرد روماڵكردنی دانیشتنەكانی پەرلەمان مافێكی سەرەتایی پەرلەمانتاران و رۆژنامەنووسانە كە بتوانن بە ئازادی دانیشتنەكانی پەرلەمان بۆ رای گشی بگوازنەوە.

راگەیاندنی حزبی 95%ی راگەیاندنی كوردی پێكدەهێنێت
عەدنان عوسمان ئاماژەی بەوەشدا راگەیاندنی حزبی 95%ی راگەیاندنی كوردی پێكدەهێنێت، وتیشی "كام راگەیاندنە كە ئەهلییە و لە پەرلەمان رێگەی پێدراوە روماڵی دانیشتنەكان بكات، ئەوەی رێگەی پێدرابێت راگەیاندنە حزبیەكان بوون". ئاماژەی بەوەشدا لە سەرەتای دەستپێكردنی ئەو خولەو خولەكانی رابردوو راگەیاندنەكان بە ئازادانە دەهاتنە ناو هۆڵەكانی پەرلەمانەوە و لە دوای كۆبوونەوەكان چاوپێكەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمان ئەنجام دەدا، بەڵام ئەو بڕیارە ئەو ئازادییەی نەهێشت. وتیشی "پێشووتر جۆرێك لە پەیوەندی تەندروست لە نێوان رۆژنامەوانان و ئەندامانی پەرلەمان هەبوو، چونكە پێموایە هەردوو كاری رۆژنامەنووسی و كاری پەرلەمانتاری دوو دیوی یەك دراون و هەر دووكیان هەوڵ بۆ گەیاندنی ئەو شتانەدەدەن كە هاووڵاتیان داواكاریانن". 

قۆناغی سەركوتكردنی راگەیاندنی كوردی بەو بڕیارە دەستی پێكرد
عەدنان عوسمان ئاماژەی بەوەدا ئەو هەنگاوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەستپێكی قۆناغی سەركوتكردنی راگەیاندنی كوردییە، وتیشی "كە بودجە تاوتوێكرا هاتنە پێشەوەی ئۆپۆزسیۆن و قسەكردنی ئۆپۆزسیۆن بە شێوەیەكی جددی لەسەر تاوتوێكردنی بودجە هۆكاری ئەو سەركوتكردنە بوو، نیشاندانی ناڕەزاییەكانی ئۆپۆزسیۆن لەسەر پڕۆژە یاساكە و مێزكوتانی ئەندامانی لیستی گۆڕان ئەوە سەرۆكایەتی پەرلەمان و دەسەڵاتداری كوردی ترساند و ئەو بڕیارەی پێدەركردن". روونیشیكردەوە ئەو بڕیارە رێككەوتنی سیاسی بووە، وتیشی "ئەو بڕیارە هەوڵدانە بۆ گەمارۆدانی ئۆپۆزسیۆن لە چوارچێوەیەكدا كە نەتوانێت بەشێوەیەكی شەفاف مومارەسەی ئازادی لە ناو هۆڵی پەرلەمان بكات"، ناوبراو جەختیشیكردەوە ئەو بڕیارە ساتەوەختی دابڕانی ئۆپۆزسیۆن بووە لە رۆژنامەوانان و دەستپێكێكی نوێ بوو لە دژایەتیكردنی كاری میدیایی لە ناو پەرلەمان، ئەوەش یەكێكە لەو خاڵە رەشانەی كە لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە بەدی دەكرێت "دەتوانین بڵێین تێنەگەیشتنی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە ئەركە راستەقینەكەی خۆی كە هێشتا هەیمەنەی حزبی بەسەرەوەیە، كە حزب ساڵانێكە دەسەڵاتی بەسەر پەرلەمانەوەیە و وەكو دەزگایەكی شەرعی نەیبینیوە، وەكو دەسەڵاتی دایك سەیری نەكردووە، ئەو بڕیارەشی پێدەركردووە".

 

Wednesday, June 16, 2010
All rights reserved by gorran.org